هێزە سوپایی و ئەمنیەتییەكان دەروی گوندی "نێ"ی مەریوانیان تەنیوە

18:15 - 30 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: لە شەوەی 29ی خەزەڵوەرەوە هێزەكانی سپای پاسدارانی مەریوان و هێزێكی زۆری لیباس شەخسی دەوروبەری گوندی \"نێ‌\"ی سەر بە مەریوانیان تەنیوە و ئەمەش بۆتە هۆی ترس و دڵەڕاوكێی دانیشتوانی.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری كوردپا لە شاری مەریوان، ئەو هێزە ئەمنیەتیانە بەناوی دەستبەسەر داگرتنی باری قاچاخ و كەلوپەلی ماهوارە لە قاچاخچییانی سەرسنوور چەند شەوێكە لە دەوری گوندی نێ‌ خۆیان حەشار داوە.

بە وتەی شایەتحاڵان خەڵكی نێ‌ بەو كارە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، بەڵام هێزە ئەمنەیتییەكان هەڕەشەیان لە خەڵك كردووە و وتوویانە:\"هەروەك چۆن هێزێكی زۆرمان بۆ سەركوتی خەڵكی گوندی \"نگڵ\" بردووە، لەوەش زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم گوندە دێنین و هەرچیمان پێ‌ خۆش بێت ئەیكەین\".

بە وتەی خەڵك هەتا ئێستا روون نەبۆتەوە كە ئاخۆ ئەو هێزە نیزامیی و ئەمنیەتییانە بۆ دستبەسەردا گرتنی كەلوپەلی قاچاخ دەوری گوندی \"نێ‌\"یان داوە یان دەستبەسەر كردنی لاوان.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زەخت و و گوشاری هێزە ئەمنیەتی و قەزاییەكانی بۆ سەر دانیشتوان و بەتایبەت لاوانی گوندی نێ‌ زۆر بووە و لەو ماوەیەدا نزیك بە 10 لاوی ئەو گوندە دەستبەسەر و رەوانەی ناوەندە ئەمنەیتی و قەزاییەكانی حكومەتی ئیسلامیی ئێران كراون و ئێستاش چەند كەسیان هەر لە گرتووخان دان.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش داوە، كە هەر لە چەند شەوی رابردوودا هێزە ئینتزامییەكان بە شێوەیەكی بەربڵاو لە گوندەكانی دیكەی مەریوان وەك\" ولەژێر، دزڵی، دەرێكی\" بە شەوان و لە ناوەختدا دەستیان كردووە بە كۆكردنەوەی ماهوارەی خەڵك و بەبێ‌ مۆڵەتی یاسایی دەستیان بەسەر زۆرێك دەزگای ماهوارەی خەڵكی گوندەكاندا گرتووە.