هێز، گفتوگۆ و خۆیاری

17:21 - 30 خەرمانان 2718
Unknown Author
دوکتور محەممەد حسەین‌‌زادە

هێز لە سیاسەتدا ڕۆڵیی سەرەکی و بەرچاو دەگێڕێت. هێز (Power) بە زمانێکی سادە یانی کاریگەریدانان لەسەر بڕیارەکانی لایەنی بەرانبەر. لە ڕووی زانستییەوە پێناسەیەکی سیاست بریتییە لە خوێندنەوەی هەمەلایەنەی هێز و چۆنیەتی پێکهاتنی هێز و بەشداربوون لەو هێزەدا. سیاسەت هەوڵ و تێکۆشانێکە بۆ وەدەستهێنانی هێز و کەڵکوەرگرتن لەو هێزە، هەر بۆیە زۆربەی بیرمەندان و زانایانی سیاسی لە سەر ئەو باوەڕەن کە زانستی سیاسی یانی خوێندنەوە و لێکدانەوەی چۆنیەتی وەدستهێنان، پاراستن و زیادکردنی ئاستی هێز. هەروەها ناسین و ناساندنی خودی هێز یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی زانستی سیاسییە. پێگە و گرنگی هێز لە سیاسەتدا لە ئاستێکدایە کە \"هارۆڵد لاسکی\" گەورە بیرمەندی سیاسی دەڵێت زانستی سیاسی بریتییە لە زانین و تێگەیشتن لەوەیکە \"کێ دەیبات؟ چی دەبات؟ چۆن دەیبات؟ و بۆچی دەیبات؟\".

ئەو پێناسەیە ئەمڕۆکە هەم لە ناو خوێندکارانی زانستی سیاسی و هەم لە ناو کۆمەڵگەدا وەک مەتەڵۆکێکی لێ هاتووە. لە تیۆری و بیرۆکەی پەیوەندی و سیاسەتی نێودەوڵەتیشدا هێز، هەمان گرنگایەتی هەیە و تەواوی کارناسان و بیرمەندانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو خاڵە هاودەنگن کە هیچ ئەکتەر یان دەوڵەتێک بە بێ بوونی هێز ناتوانێت ئاسایش و ئەمنیەتی خۆی بپارێزێت و مانەوەی(Survival) دەکەوێتە مەترسییەوە. جێگە و پێگەی ئەکتەرەکانیش بە پێی هێزی بەردەستیان دیاری دەکرێت و چەندە هێزیان هەبێت ئەوەندە دەتوانن بەرژەوەندی خۆیان دابین کەن و بیپارێزن. کەوابوو خوێندنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتیش بە بێ خوێندنەوەی هێز و ئاستی هێزی دەوڵەتەکان مانای نییە.

جیا لە تیۆری لە گۆڕەپانی کردەوەییشدا سیاسەت هەوڵدانێکە بۆ وەدەستهێنان، پاراستن و بەرفراوانکردن و کەڵکوەرگرتن لە هێز بەمەبەستی کاریگەریدانان لەسەر لایەن یان لایەنەکانی بەرانبەر. لە بنەڕەتدا کردەوەی سیاسی کردەوەیەکە لەسەر بنەمای هێز. بە بێ هێز سیاسەت و سیاسەت­کردن هیچ مانیەکی نییە. تەنیا ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانیش کۆکردنەوەی هێز و کەڵکوەرگرتن لەو هێزەیە لە کاتی پێویست و گونجاودا. هێز لە هەموو بوارێکدا کارکرد و سوودمەندیی هەیە. ئەکتەرە سیاسییەکان هەم لە پێکهێنانی پەیوەندی ئاسایی و دۆستانە (پەیوەندی ئابووری، سیاسی، کەلتووری و ...) و هەم لە کاتی ناکۆکی و شەڕدا لە هێزی بەردەستی خۆیان بۆ کارتێکەری و کاریگەریدانان لەسەر لایەنی بەرانبەر کەڵک وەردەگرن. تەنانەت لەو پرۆسە و ڕەوتانەی وتووێژ و گفتوگۆی (Negotiation) نێوان لایەنەکانیشدا بە تایبەت لایەنە ناکۆک و دوژمنەکاندا، هێز ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت. هەڵبەت کاتێک کە باسی گفتوگۆ (یان موزاکرە) بۆ چارەسەری کێشەکان دەکرێت زیاتر پرۆسەیەکی دۆستانە دێتە بەرچاو کە لەو پرۆسەیەدا دوو یان چەند لایەن هەوڵ دەدەن کێشە و گرفتەکانی نێوانیان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆ و لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەرییەکی ئاشتییانەی بۆ بدۆزنەوە. هەر بۆیە لێرەدا ڕۆڵی هێز زۆر بەرچاو ناکەوێت و ئاشکرا نییە بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە لە نەبوونی هێزدا تەنانەت دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستان لە نێو لایەنەکاندا ئەگەر ناکردنی نەبێت زۆر دژوار و ئەستەمە. گفتوگۆ و وتووێژ لە نێوان دوو لایەنی ناکۆک و دوژمندا کاتێک مانای هەیە کە ئەو لایەنانە لە شێوازەکانیتری ڕووبەڕووبوونەوەدا کێشەکانیان چارەسەر نەبووبێت و گەیشتبێتنە ئەو قەناعەتەی کە گفتوگۆ بە تەنیا ڕێگای چارەسەر بزانن. ئەمەش تەنیا کاتێک دەبێت کە هەر دوو لایەن ئەوەندە هێزیان بەدەستەوە بێت کە بتوانن گۆڕەشە و هەڕەشە لەسەر لایەنی بەرانبەر درووست بکەن. هەر بۆیە زۆربەی گفتوگۆ و دانوستانەکان لە نێوان لایەنە خاوەن هێزەکاندا پێک دێت و زۆر بە دەگمەن دەبینین لایەنێکی بەهێز لەگەڵ لایەنێکی بێهێزدا لە سەر کێشەکانی نێوانیان دانوستان بکات.

هەر لایەنێک بڕیاری گفتوگۆ بدات و ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان لە ڕێگای گفتوگۆ و دانوستانەوە نیشان بدات پێویستە لە پێشدا توانا و هێزی خۆی بنوێنێت و بە لایەنی بەرانبەری بسەلمێنێت. ئاشکرایە کە ئەرکی گفتوگۆ درووست کردنی جۆرێک پەیوەندی دوو لایەنەیە بە مەبەستی دابینکردنی زیاترین بەرژەوەندی بۆ هەر دوولایەنە بەڵام ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان خاوەن ئەوەندە هێزی بەرچاو نەبێت کە بتوانێت لایەنی بەرانبەر بکێشێتە سەر مێزی گفتوگۆ، نە دەسپێکردنی ئەو پرۆسەیە مومکینە و نە دابینکردنی بەرژەوەندی.

لێرەدایە کە ڕۆڵی هێز لە گفتوگۆدا ئاشکرا دەبێت و ئەوەیش زۆر سەرسووڕێنەر نییە. هەروا کە لە دنیای واقێعدا گورگ لەگەڵ مەڕ و شێر لەگەڵ خەزاڵ گفتوگۆ ناکات لە دنیای سیاسەتیشدا بەهێز لەگەڵ بێهیز گفتوگۆ ناکات.

بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی دوژمن یان بەرانبەردا کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی تۆدا ناجووڵێتەوە دەبێت یان توانای دڵگەرم کردن و تەشویق کردن و ڕازی کردنت هەبێت یان توانای ترساندن و تۆقاندنی. هەڵبەت توانای ترساندن بەو مانایە نییە کە بە ئەندازەی لایەنی بەرانبەرهێزت هەبێت یان لە ڕووی هێزەوە هاوسەنگ بن. هاوسەنگی هێز پێشمەرجی دانوستان و گفتوگۆ نییە.

توانای ترساندن بەو مانایە دێت کە تۆ بە کردەوە هەڕەشەیەک بیت لەسەر لایەنی بەرانبەر و بیسەلمێنیت کە ئەگەر ناکۆکییەکان بە شێوازی گفتوگۆ چارەسەر نەکات ئەوا توانای بەرەنگاربوونەوە و درووست کردنی هەڕەشە بۆ سەر بایەخ و بەرژەوەندییەکانیت هەیە. لە هەموو دنیادا ئەو لایەنانەی کە لەسەر کێشە و ناکۆکییەکانیان گفتوگۆ و دانوستان دەکەن بایەخ و ڕۆڵی هێز لەبەرچاو دەگرن و ئەوە وەک بنەمایەکی گشتییە هەر بۆیە لە کوردستانیشدا بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتدا بە تایبەتی ئەو ڕاستییە ناگۆڕدرێت. بە واتایەکیتر هەر لایەنێک کە لە ڕۆژهەڵاتدا هەوڵ بدات کە لە ڕێگای وتووێژ و گفتوگۆوە کێشەی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی چارەسەر بکات دەبێت پێش هەموو شتێک خۆی بەهێز بکات و بتوانێت خۆی وەک لایەنێکی لێهاتووی گفتوگۆ بناسێنێت و بە تایبەت توانای هەڕەشە کردن و ترساندنی هەبێت. دەبێت ئەوەندە توانستت هەبێت کە دەوڵەتی ناوەندی لە ئەگەری پشتگوێ خستنی خواست و داواکاریەکانتدا دڵنیگەرانی بەرپەرچ و کاردانەوەت بێت. تەنیا لەو کاتەدا گفتوگۆ سوودی دەبێت و لایەنی بەرانبەر ئامادەی بیستنی قسە و داواکاریت دەبێت.

ناسینی هێزی خۆ و لایەنی بەرانبەر فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ دەسپێکردن و سەرکەوتن لە پرۆسەی گفتوگۆدا. ناکرێت و بێ مانایشە لە پێگەیەکی لاواز و بێهێزەوە چاوەڕوانی ئەوە بیت لایەنی بەهێز لەگەڵتدا دانوستان و گفتوگۆ بکات.

گفتوگۆ لە حاڵەتی بێهێزی و لاوازیدا پێش هەموو شتێک هێرشێکە بۆسەر خۆت لەبەر ئەوەی کە لە دۆخیی بێهێزیدا تەنانەت ئەگەر دەرفەتی گفتوگۆیشت بۆ بڕەخسێننن دەسکەوتێکت نابێت. کەوابوو دەبێت پێش ئەوەی پێشنیاری گفتوگۆ بدەیت توانا و هێزی خۆت هەڵسەنگێنیت. با واز لە گفتوگۆی سیاسی بێنین، ئەمڕۆکە تەنانەت لە ژیانی تاکەکەسیشدا بە دەگمەن دەبینرێت کە پیاوێک کە توانای مارەیی دان و زەماوەندی نەبێت خۆی بخاتە پرۆسەی گفتوگۆی پڕ لە دەردیسەر و گرفتی خوازمەنییەوە. سیاسەت جێگای خۆی هەیە.

بۆ وتووێژ و گفتوگۆ پێش هەموو شتێک لایەنی بەرانبەر دەبێت ڕێزت بگرێت. بۆ ئەوەی ڕێزت بگرێت دەبێت بە فەرمی بتناسێت. بۆ ئەوەی ناچاری کەیت بە فەرمی بتناسێت دەبێت هێزی بەرچاوت هەبێت. هەر ئەکتەرێکی سیاسی کە خاوەن هێزی کاریگەر و بەرچاو نەبێت نە بە فەرمی دەناسرێت، نە ڕێزی لێدەگیرێت و نە گفتوگۆی ڕاستەقینەی لەگەڵدا دەکرێت. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە لایەنی دوژمن تەنیا ڕێزی هێز دەگرێت نەک ڕێزی قسە و ڕووی خۆش.

ئەگەر ڕێزت لێ نەگیراو و داوای گفتوگۆت کرد تەنیا خۆت و نەتەوەکەت بێڕێزتر و چکۆلە­تر کردووەتەوە. کەوابوو بۆ گەورەکردنەوەی خۆت بەمەبەستی گفتوگۆ و گەیشتن بە ئامانجەکان لە ڕێگای گفتوگۆوە دەبێت لە پێشدا خۆت بەهێز بکەیت.

بەڵام خۆبەهێزکردن چۆن دەبێت؟ خۆبەهیزکردن هەوەڵ بۆ پاراستی ژین و مانەوەی خۆ و دواجار بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی بەرانبەردا ڕێگا و شێوازی زۆر و جیاوازی هەیە. خۆبەهێزکردن دەکرێت بە یارمەتی وڵاتان و لایەنە دەرەکییەکان بێت کە لە سیاسەتدا پێی دەوترێت هاوسەنگی دەرەکی هێز (external balancing) یان خۆبەهێزکردنێکی ناوکی بێت کە پێی دەوترێت هاوسەنگی ناوکی(Internal balancing) یان تێکەڵاوێک لەو دوو ڕەوتە بێت بەڵام لەو دۆخە جیهانی و ناوچەییەی کە ئێستا حیزبە کوردییەکان و بەتایبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تێیدا دەژین، باشترین ڕێگای خۆبەهێزکردن هەوڵدان بۆ هاوسەنگی ناوکی هێز لە ڕێگای کەڵک وەرگرتنە لە هەموو سەرچاوە و دەرفەتە نێوخۆییەکان کە دەکرێت ناوی بنێین سیاسەتی خۆیاری.

خۆیاری (Self-helping) گرنگترین و سەرەکیترین ستراتێجی یان سیاسەتە بۆ زیاد کردن و بەرفراوانکردنی هێز بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و دابینکردنی بەرژەوەندی نەتەوەییە. سیاسەتی خۆیاری لە نیو حیزبە کوردییەکاندا لە ڕێگای خۆنزیک کردنەوە لە یەکتری و لە کۆمەڵگە و کۆمەڵانی خەڵک و هاوکات پشتبەستن بە هێزی پێشمەرگەوە لە کردەوەدا خۆی نیشان دەدات و دەبێتە سیاسەتی کردەوەیی. ئەم جۆرە خۆیارییە یانی ئەوەیکە چاوەڕوانی خەڵک و دەوڵەتان و لایەنی دەرەکی بۆ پاراستن و هەروەها بۆ بەهێزکردنت نەبیت. لە حەقێقەتیشدا هیچ لایەنێک بۆ بەهێزکردنی تۆ تێناکۆشێت و کار ناکات و بەرژەوەندیت لەبەرچاو ناگرێت مەگەر ئەوەیکە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی تۆ بەرژەوەندییەکی زیاتری بۆ خۆی هەبێت. شیاوی ئاماژەیە کە \"ڕاسانی ڕۆژهەڵات\" نموونە و نموودێکە لە سیاسەتی خۆیاری.

ڕاسان لە بەر ئەوەیکە ڕووی لە سەرچاوه و توانای ناوکی و ناوخۆییە و پشتی بە هێزی پێشمەرگەی شاخ و کۆمەڵگە و کۆمەڵانی خەڵکی شار بەستووە لە ئەگەری بەربڵاوکردن و بەردەوامبوونیدا دەتوانێت لە داهاتوودا خۆڵقێنەری هێزێکی لەبار و قورس و قایمتر بێت کە دەتوانێت پێگەی دوژمن لاواز بکات و لە ئاکامدا بیهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ؛ بە واتایەکی­تر ڕاسانێکی بە‌هێزتر و بەربڵاوتری شار و شاخ لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیاریدا دەتوانێت ببێتە ئەو هێزەی کە لەلایەکەوە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ژی و مانەوەی خۆیان دڵ و هۆمێدی پێ ببەستن و لە لایەکیترەوە دوژمن بەچۆکدا بێنێت و ناچار بە گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیدا بکات. هەر ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە بۆچی دوژمن بە هەموو هێزی خۆیەوە هەوڵی وشکاندنی شار لە ڕێگەی سەرکوت و سێدارە و تێکشکاندنی پێشمەرگەی شاخ لە ڕێگای تۆپباران و مووشەکبارانەوە دەدات. ئەوان بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە سیاسەتێک لە چەشنی ڕاسان قەبووڵ ناکەن و ڕووداوە مێژووییەکانیش سەلماندوویانە کە دوژمن لە خاڵی بەهێز دەترسێت بۆیە هەوڵ دەدات ئەو خاڵە بپێکێت.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.