هونەرمەندێکی کورد بە شێوەیەکی گوماناوی لە ماڵەکەی خۆیدا، کوژرا

15:49 - 30 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری بۆکان، بە شێوەی گوماناوی لە ماڵەکەی خۆیدا، کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە، ٢٩ی بانەمەڕ، هونەرمەندێکی کورد بە ناوی \"ڕەسووڵ خالیدی\"، ناسراو بە \"ڕەسووڵ کەڵەوان\"، خەڵکی گوندی \"میرئاوای شاری بۆکان، لە ماڵەکەی خۆیدا بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەم هونەرمەندە کوردە، لە ماڵەکەی خۆیدا بە دەمانچە کوژراوە.\"

ئەم سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"ماڵی ڕەسووڵ خالیدی، کامێرای چاوەدێریی لە دەرەوە و ناوەوە هەبووە و بکوژەکان پاش ئەنجامدانی تاوانەکەیان، کامێرا چاوەدێرییەکانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.\"

دەوترێت کە هاووڵاتییانی خەڵکی گوندی \"میرئاوا\"ی شاری بۆکان، گومانیان هەیە کە هێزەکانی سپای پاسداران دەستیان لە کوشتنی ئەو هونەرمەندە کوردەدا هەبووە، بەڵام ئاژانسی کوردپا، ناتوانێت ئەم هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.