هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی، لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد

15:19 - 27 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: \"ئیسماعیل سابووری\"، هونەرمەندی کوردی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە هۆی نەخۆشی، لە شاری سلێمانیدا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، \"ئیسماعیل سابووری\"، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری نۆدشە، بە هۆی نەخۆشی، ماڵئاوایی لە کۆڕی هونەرمەندانی کورد کرد.

ئەم هونەرمەندە کوردە، ماوەی چەند ساڵە ڕووی لە باشووری کوردستان، بە تایبەتی شاری سلێمانی کردووە و لەم پەیوەندییەدا، ئاڵبۆمی \"بیرەوەریـ\"ـی لە شاری سلێمانیدا تۆمار کردووە.

ئەم هونەرمەندە کوردە، خەڵکی شاری نۆدشە، سەر بە پارێزگای کرماشانە و لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاویدا لەدایک بووە و ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە شاری تاران، زانکۆی لە بەشی هونەرە جوانەکاندا تەواو کردووە.

ئەم هونەرمەندە کوردە، هەتا ئەو کات کە لە ئێراندا بووە، ١٠٥ گۆرانیی تۆمار کردووە و هەروەها ئاڵبۆمێکی بە ناوی \"سەفەرنامەی کوردستان\"، بڵاو کردبووەوە.