هاوڵاتییەكی شاری مەهاباد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكان گیانی لێ‌ ئەستێنرا

18:13 - 3 سەرماوەز 2711
كوردپا: لە ئەنجامی دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامی ئێران هاووڵاتییەكی كورد گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە شاری مەهاباد، رەحمان بایزیدی خەڵكی شاری مەهاباد، لە شوێنێك بە ناوی \"ئەحمەدبریو\" لە ناوچەی سەردەشت كەوتۆتە بەر دەسترێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی ئەو شارەوە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.

تەرمی رەحمان بایزیدی رەوانەی شاری مەهاباد كراوەتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە مانگی خەزەڵوەردا 11 هاووڵاتیی كوڵبەری كورد لە ناوچە سنوورییەكان بە تەقەی هێزە ئینتزامی- نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كوژراو و بریندار بوون.

لە كۆی گشتیی ئەو ئامارە 9 هاووڵاتی كوژاروە و 2ی دیكەش بریندار بوون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ لەو رێژەیەش زیاتر بێت.