هاوژینی مامۆستا محەممەد ڕەبیعی: ناتوانین لە دادگوستەری بەدواداچوون بۆ دۆسیەی تێرۆری مامۆستا ڕەبیعی بکەین

14:57 - 11 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای ٢٢ ساڵ بە سەر تێرۆری مامۆستا محەممەد ڕەبیعی، هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشتوون و ئەو بنەماڵەیە لە چاوەڕوانیی بەڕێوەچوونی دادپەروەری بۆ دۆسیەی تێرۆری مامۆستادان.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی سەرماوەز، ٢٢ ساڵ بەسەر تیڕۆری مامۆستا محەممەد ڕەبیعی، مامۆستای ناسراوی کورد و پێشنوێژی هەینی مزگەوتی ئیمام شافعی شاری کرماشان تێدەپەڕێ.

ئاژانسی کوردپا بە بۆنەی ٢٢هەمین ساڵڕۆژی تێرۆری مامۆستا محەممەد ڕەبیعی، لەگەڵ ئایشە مەفاخری هاوژینی ناوبراو وتووێژێکی پێک هێناوە.

ئایشە مەفاخری سەبارەت بە تێرۆر و بەدواداچوونی دۆسیەی تێرۆری مامۆستا محەممەد ڕەبیعی بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە ڕایگەیاند: \"من لە زەمانی سەرکۆماری خاتمی چەندین کەڕەت بەدواداچوونم بۆ ئەم دۆسیەیە لە چەند ناوەندەی حکوومەتی کردووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم و تەنانەت بۆ پێڕاگەیشتن بەم دۆسیەیە سەردانی مەجلیسیشم کردووە و دۆسیەی تێرۆری مامۆستا ڕەبێعیم خستووەتە بەرباس\".

هاوژینی مامۆستا ڕەبیعی دەڵێت: \"بەو ئاکامە گەیشتین کە ئیتر بەدواداچوون بۆ کەیسی تێرۆری مامۆستا ڕەبیعی نەکەین، چوون لەو باوەڕەدا بووم، کە هیچ هەوڵێک لەو پەیوەندییەدا، ئەنجام نادرێت\".

ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"بە هۆی هەڵکەوتەی ئێمە لە کۆمەڵگا، ناتوانین ئەم دۆسیەیە لە دادگوستەری بەدواداچوونی بۆ بکەین و لێرە شتێک بە ناوی دادگوستەری بوونی نییە و دادگوستەریش ناوتوانی سادقانە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بکات\".

ئایشە مەفاخری پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە: \"مامۆستا ڕەبیعی بە شێوەیەکی زاڵمانە تێرۆر کراوە و ئەمەش ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە و ناتوانن حاشای لێ بکەن\".

هاوژینی مامۆستا محەممەد ڕەبیعی سەبارەت بە گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لەسەر ئەوان، دەڵێت: \"لە شاری کرماشان لە ژێر گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات و ڕەوتێکی تایبەتیدا بووم و بەو هۆکارە شاری کرماشانم بەجێ هێشت و هەنووکە لە شاری سنەدا نیشتەجێم\".

ئایشە مەفاخری لە درێژەی وتووێژەکەی خۆی لەگەڵ هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری سنە، لە پەیوەندیی لەگەڵ بکەرانی تێرۆری مامۆستا ڕەبیعی ڕایگەیاند: \"من نامەوێت ناوی کەس یان کەسانێک کە دەستیان لە تێرۆری مامۆستا ڕەبیعی هەبوو، ببەم. ئەو کەسانە، بەرژەوەندیان لەوەدایە کە بە تێرۆری کەسایەتییەکان و ڕۆشنبیرەکان و ئەندێشمەندەکانی کۆمەڵگا، لە هەوڵی ئەوەدان کە پێش بە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا بگرن\".

هاوژینی مامۆستا محەممەد ڕەبیعی لە کۆتاییدا ڕوو لە خاڵکی کوردستان ڕایگەیاند: \"دادگوستەری مافی ئێمەی لە پەیوەندیی لەگەڵ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی مامۆستا ڕەبێعی پێشێل کردووە و داوا لە چالاکانی مەدەنیی کۆمەڵگای کوردستان دەکەم، بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی تێرۆری مامۆستا ڕەبێعی پشتیوانیمان لێ بکەن\".

مامۆستا محەممەد ڕەبیعی ساڵی ١٣١١ی هەتاوی لە گوندی \"دەرئەسپ\" سەر بە شاری دیواندەرە چاوی بە دنیا هەڵێنا و لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی، لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیی خوێندنەوەی قورئان لە پاکستان بەشداری کرد، دوای عەبدولباست، قاڕیی بەناوبانگی خەڵکی میسر پلەی دووهەمی بە دەست هێنا، ناوبراو سێ زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی دەزانی و کۆمەڵێک شێعر و نووسراوەی چاپ کردووە و سەرجەم ٥٠ بەرهەمی نووسراوەی هەیە.

مامۆستا ڕەبیعی پاییزی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی وەک پێشنوێژی هەینی مزگەوتی جامیعی ئیمام شافعی کرماشان هەڵبژێردراو و لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی، لە درێژەی قەتڵە زەنجیرەییەکانی حکوومەتی ئێراندا تێرۆر کرا.