هاوژینی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە یەک ساڵ زیندانی مەحکووم کرا

13:30 - 22 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هاوژینی زیندانییەکی سیاسیی کورد کە خۆی حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە، بە یەکساڵ زیندانی تەعزیزی مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو \"نەشمیل قۆیتاسی\"، هاوژینی \"ئەرسەلان خۆدکام\"؛ زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە لایەن لقی یەکی دادسەرای نیزامیی ورمێ بە بێ بوونی پارێزەر بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" بە یەکساڵ زیندان مەحکووم کرا.

ئەو ژنە کورد مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ سێ ڕۆژ دوایی دەسبەسەرکرانی هاوژینەکەی لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

نەشمیل قۆیتاسی دوای یەک مانگ لە دەسبەسەرکران و لێپێچینەوە لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی هاوژینەکەی، بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەرسەلان خۆدکام ٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە شاری شنۆ لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و لە لایەن لقی یەکی دادسەرای نیزامیی ورمێ بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای سیخوڕی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران\" بە ئێعدام مەحکووم کرا.

حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە دیوانی باڵای وڵات پەسند کرا.

ئەرسەلان خۆدکام تەمەن ٤٧ ساڵە خەڵکی مەهاباد ٢٢ ساڵ لەمەوبەر ئەندامی یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بووە و دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران ماوەی ١٦ ساڵ ئەندامی سپای پاسداران بووە.

ئەرسەلان خۆدکام لە ماوەی دادگاییکردنیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.