هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ڕەوانسەر دەسبەسەر کرا

14:45 - 15 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ڕەوانسەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١١ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"پەیام فەیزی\"، ٢٨ ساڵە، کوڕی عەبدولقادر، خەڵکی شاری ڕەوانسەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوەتەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەر بەم تۆمەتەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ١١ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سەید ئیدریس کەسرەوی\"، خەڵکی گوندی \"نەمنجێ\" و دانیشتووی شاری پیرانشار، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و دواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزراوەتەوە.

تا ئێستا هێزەکانی ئیتلاعات هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان ڕانەگەیاندووە.