هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ دەسبەسەر کرا

14:55 - 23 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ورمێیان دەسبەسەر کرد و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەیان ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد، به ناوی \"جەماڵ مەحموودزادە\"، تەمەن ٢٦ ساڵ، کوڕی عەبدوڵڵا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر به ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵڵاتییە کوردە، لە \"شەهرەکی شاهد\"ی ورمێدا و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، لاوێکی کورد، به ناوی \"سلێمان محەممەدنژاد\"، تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی گوندی \"گەرگوول\"، سەر بە شاری پیرانشار، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر به ئیتلاعاتی سپای پاسداران هاووڵاتییەکی کورد، به ناوی \"باپیر بەرزە\" کوڕی عوسمان خەڵکی گوندی \"چیانە\"، سەر بە شاری پیرانشاریان دەسبەسەر کرد.