هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بانگهێشتی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا

10:25 - 12 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقز، هاووڵاتییەکی کوردیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرد و لێیان داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی "هیوا سافکار"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ڕۆژی سێشەممە، سێ کەس لە گەڕەکی سیلوی شاری سەقز، بە شمشێر و جلوبەرگێکی ڕەش، دەستیان بە ئەڵڵاهوئەکبەر کردبوو، ئەو هاووڵاتییە کوردە، لەگەڵ ئەو سێ کەسە بە شەڕ هات و قسەی پێیان کردوون".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، "هیوا سافکار"، ڕۆژی دواتر، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز بانگهێشت و ئازار و ئەشکەنجە کراوە.

ئە سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو کە هێزە ئیتلاعاتییەکان، سەرەڕای لێدان و ئەشکەنجەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە کە ئەگەر هەر چەشنە، بێڕێزییەک بەو کەسانە بکات، لەگەڵ سزای قورستر بەرەڕوو دەبێتەوە.