هاووڵاتییەکی کوردی خوراسانی دادگایی کرا

15:19 - 2 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری \"کەلات\" سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە دادگادا ئامادە بوو و لەو دادگایەدا داوای داکۆکیی لە خۆی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"مێهدی گەنج‌بەخش\"، بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان\"، \"تێکدانی بیروڕای گشتی\"، \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" و \"بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام\"، لە دادگای شاری کەلاتدا، بە بەشداریی \"عوسمان موزەین\"، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری، دادگایی کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، سەبارەت بەو تۆمەتانە دەسبەسەر و پاش ١٠ ڕۆژ لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا و شاکیی دۆسیەکەی ناوبراو، وەزارەتی ئیتلاعاتە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە کاتی دەسبەسەرییدا هەتا ئێستا ٥ جار بانگهێشتی دادگا کراوە.

مێهدی گەنج بەخش، ١٨ی سەرماوەزی ساڵی ٩٠، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هەتا ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا لێپرسینەوەی لێکرا بوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، دواتر لە لایەن دەزگای قەزایی بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و لە ساڵی ٩١ی هەتاویدا، دوای تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی بە حەسێبکردنی ماوەی دەسبەسەرییەکەی، لە زیندانی \"وەکێل‌ئاوا\"ی شاری مەشهەددا، ئازاد کرابوو.