هاووڵاتییەکی کورد گوازرایەوە بۆ ئیتلاعاتی ورمێ

20:39 - 4 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بۆ لێپرسینەوە گوازرایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ.

به پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی دەستبەسەرکراو به ناوی \"سەلام مەردان\"، تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی گوندی \"سەوجە\" سەر بە شاری شنۆ، بۆ لێپرسینەوە گوازرایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی بەفرانبار بۆ یەکەمین جار توانیویە به ماوەی ١٠ خولەک چاوی به بنەماڵەکەی بکەوێت.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان لە شوێنی کارەکەی خۆیدا و بە تاوانی \"هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێراندا\" دەستبەسەر کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، لە \"دەستپێڕاگەیشتن به پارێزەر\" بێبەری بووە و ئێستاکه لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا لە ژێر لێپرسینەوەدایە.