هاووڵاتییەکی کورد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

19:51 - 29 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە شاری ورمێ به هۆی کێشەی ئابوورییەوە دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کورد بە ناوی \"جەمشید خەلیلی\" خەڵکی تەرگەوەڕێ ورمێ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و خاوەنی منداڵێک بووە. ناوبراو دانیشتووی گوندی خۆشاکووی تەرگەوەڕ بووە.

بە باوەڕی کارناسان، زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە کە هانا بۆ خۆکوژی دەبەن، ئاستی خوێندەواریان نییە یان کەمە و لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش بۆ خۆکوشتن و دەربازبوون لە دەست کێشەکان، لە شێوازی خۆسووتاندن یا خۆهەڵواسین کەڵک وەردەگرن.

کۆمەڵناسان و شارەزایانی بواری دەروونی، لەو باوەڕەدان، کە هەژاری، دەستکورتی، بێهیوای لە نێو لاوان، هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو مێرمنداڵان و لاوان بە ئەژمار دێن.