هاووڵاتییەکی کورد پاش دوو جار بانگهێشت کردن دەستبەسەر کرا

19:14 - 15 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سنە پاش دوو جار بانگهێشت کردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هێزەکانی ئیتلاعات هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی\"بێهروز عەزیزی\" کوڕی محەممەد ساڵح خەڵکی گوندی \"مێراو\" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە دەستبەسەر کرد. بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ناوبراو، \"لە ماوەی ڕابردوودا، هێزەکانی ئیتلاعات جەند جارێک ئەو هاووڵاتییە کوردەیان باگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵی کردەو\".

هەواڵنێری کوردپا لە زاری سەرچاوەیەک لەو بنەماڵەیەوە، ڕایگەیاند: بنەماڵەی عەزیزی لە هۆکاری بانگێشت کردن و دەستبەسەر کردنی ناوبراو بێ خەبەرن و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەست دانییە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ڕابردوودا، ٥٦٤ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن هێزە ئەمنیەتی_ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، کە لە کۆی ئەو ڕێژەیە بۆ ١١٩ هاووڵاتیی کورد حوکمی زیندان بڕدراوەتەوە.

لە ئێران ناوەندە جۆراجۆرەکانی ئیتلاعات چالاکن و وەزارەتی ئیتلاعات بەشێک لە بەدەنەی دەوڵەت پێکدێنێت و چەند ناوەندێکی ئیتلاعاتی وەک: ئیتلاعاتی سپا، حیفازەت ئیتلاعاتی سپا و حیفازەتی سپا، لە ژێر چاوەدێریی سپای پاسداران دان.

\"ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا\"، \"ڕێکخراوی حیفازەت ئیتلاعاتی سپا\" و \"حیفازەت سپا\" سێ ژێرکۆمەڵی سپای پاسدارانن کە کاری ئیتلاعاتی_ئەمنییەتیی ئەنجام دەدەن.