هاووڵاتییەکی کورد لە ئیلام دەسبەسەر کرا

16:06 - 3 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئیلامیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد، به ناوی \" ئەمیر بەرەکەتی\"، کوڕی غوڵامڕەزا، خەڵکی ئیلام له شوێنی کارەکەی خۆی، له شەقامی فارابی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوزراوەتەوە.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی، به تاوانی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک له حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، سەرەتاکانی ئەمساڵ، به تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک له حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئیلام کرابوو.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی سەرماوەز، لاوێکی کورد، به ناوی \"عوسمان فەرەجی\" خەڵکی شاری بانه، به تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک له حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوەتەوە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکان، لاوێکی کوردیان، به ناوی \"سابیر خۆشایەند\"، خەڵکی گوندی \"ڕەمەک\" سەر به شاری سەرپێڵیان به تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک له حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووەتەوە.