هاووڵاتییەکی کورد لە ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا

15:36 - 8 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی شاری بۆکان ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٥ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئیبراهیم مەردانی\"، خەڵکی شاری بۆکان، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی شاری بۆکان ڕاگوێزرا.

ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، دەستیان بە پشکنینی ماڵی ناوبراو کردووە و کامپیۆتێر و هەروەها هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

\"ئیبراهیم مەردانی\"، پاش دەسبەسەرکردنی، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.