هاووڵاتییەکی کورد لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە، جەڵتە لێی دا

12:10 - 19 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکانی ئەو شارە، تووشی جەڵتەی دڵ بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "تەوفیق سەرئەفراز"، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکان، تووشی جەڵتەی دڵ بوو و بۆ نەخۆشخانەی "تەوحید"ی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ٢٠ ڕۆژ پێش بە تۆمەتی "پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە کاناڵە تێلگرامییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە هێزە ئینتزامییەکانەوە، دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەنووکە لە نەخۆشخانەی "توحید"ی شاری سنەدایە و بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو نالەبار ڕاگەیەندراوە.