هاووڵاتییەکی کورد لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا

20:44 - 27 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری خۆی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی شاری سەڵماس کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە نێوی \"شوعیب دەروێشزادە\"، خەڵکی گوندی \"حەبەشی خواروو\"، سەربە ناوچەی \"قتوور\"ـی شاری خۆی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەممە ۵ی خاکەلێوە، لە خاڵی پشکنین (ایست بازرسی) لە نزیک گوندی \"سنجی\"، سەر بە ناوچەی \"کۆسار\"ـی شاری سەڵماس دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە؛ ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر کراوە و لەو ماوەیەدا کە دەسبەسەر بووە، لە هەبوونی پارێزەر بێبەری کراوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەندیخانەی شاری سەڵماس، بەند کراوە.