هاووڵاتییەکی کورد لە شنۆ دەسبەسەر کرا

13:42 - 29 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان لە شاری شنۆ دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"عەلی ئیسماعیلی\"، کوڕی محەممەد تەمەن ٤٠ ساڵە خەڵکی گوندی \"جاشێران\"، سەر بە شاری شنۆ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیاندووە، کە پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، سەرەڕای تێپەربوونی سێ حەوتوو لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"ئەرشیا مەلکی\"، خەڵکی گوندی \"زەردوویی\"، سەر بە شاری پاوە، لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییه.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، سێ حەوتوو پێش ئێستە، بە هۆکاری نادیار لە ماڵی کەسیی خۆیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی کرماشان کراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.