هاووڵاتییەکی کورد لە شاری پاوە دەستبەسەر کرا

14:44 - 18 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی هەورامان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەممە هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"یاسر کاکایی\" کوڕی یەعقووب و خەڵکی گوندی \"شمشێر\" لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار راگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی یاسر کاکایی، دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر، کتێب و کۆمەڵێک کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویشدا گرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە، رێکەوتی ١٦ی رەشەممە دوو چالاکی فەرهەنگی ــ ئەدەبی لە شاری پاوە پەرچەکردار بە بێ‌حورمەتییەکانی مەلاقادر قادری ئیمام جومعەی پاوە بە چالاکانی فەرهەنگی، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها لەو رۆژەدا ٣ هاووڵاتیی دیکە \" بەناوەکانی بەختیار رەسووڵی خەڵکی شاری پاوە و موختار ئەحمەدی و سەتار ئەحمەدی خەڵکی گوندی \"خانەگای سەربەو شارە بەهۆیەکی نادیار لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراون.