هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

17:33 - 4 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنەیان، لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "دلیر نەسری" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" و دانیشتووی شاری سنە، لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەو هاوووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هێندێک کەرەستەی شەخسی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە قەرارگای شارامفەر لە شاری سنە، ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.