هاووڵاتییەکی کورد دەسبەسەر کرا

11:29 - 22 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمیر محەممەدخانی"، خەڵکی شاری دیواندەرە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو، دەستیان کردووە بە پشکنین و دەستیان بە سەر هەندێک کەرەستەی کەسیی "ئەمیر محەممەدخانیـ"دا، گرتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکردنی لە لایەن هێزە  ئیتلاعاتییەکانەوە، بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە".

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ئەندامی هەیئەتی شاخەوانیی گرووپی دیواندەرەیە و هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکرانی ڕانەگەیەندراوە.