هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری هەرسین ئێعدام کرا

19:38 - 2 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری هەرسین، سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری کرماشان، ئێعدام کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری کرماشان، حوکمی لە سێدارەدانی زیندانییەکی کوردیان بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" لە زیندانی ئەو شارە جێبەجێ کرد.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"جەعفەر حوسینی\" خەڵکی شاری هەرسین و دانیشتووی شاری کرماشان ڕاگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، ماوەی ٥ ساڵە لە زیندان دایە.

لەو پەیوەندییەدا، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری ئیلام، حوکمی لە سێدارەدانی سێ زیندانییان لە زیندانی ئەو شارە، جێبەجێ کرد.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، ئامارەی بە ئێعدام کردنی ٢٥٣ هاووڵاتی لە ئێران کردبوو و هەروەها ئەو وڵاتەی بە دووهەمین وڵاتی جیهان لە ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی خۆی بە ئەژمار کردبوو.