هاووڵاتییەکی کورد بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرا

20:14 - 12 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگایی ئینقلابی ورمێ حوکمی ٦ مانگ زیندانی بۆ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی پیرانشار بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ڕزگار محەممەدی\" خەڵکی پیرانشار لە لایەن دادگایی ئینقلابی ورمێوە بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

دادگایی ئینقلابی ورمێ ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە \"هاوکاری لەگەڵ یەکێك لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیونی حکوومەتی ئێران\" تۆمەتبار کردووە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان لە بەخشی لاجانی شاری پیرانشار و لە نزیک شاری گەردکشانه، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێك لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندان پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوە بە بارمتەی ٧٠ میلیۆنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.