هاووڵاتییەکی کورد بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعلیقی مەحکووم کرا

20:28 - 4 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعلیقی مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"محەممەد ئەمین کەنعانی\"، خەڵکی گوندی \"تەختە\"ی سەر بە شاری سنە، بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\"، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعلیقی مەحکووم کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ١٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە دادگایی کرا و دواتر ئەم حوکمەیان پێ ڕاگەیاند.

\"محەممەدئەمین کەنعانی\"، ٢٤ی ڕەزبەری ئەمساڵ، دوای بانگهێشتی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنه دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش ١٠٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تەمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.