هاووڵاتییەکی کورد بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا

15:11 - 26 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، پاش دوو مانگ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپا، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عادڵ سالم ‌فەرد\" خەڵکی گوندی \"ئەمیرئاباد\"ی شاری شنۆ، پاش دوو مانگ دەسبەسەری لە گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای ورمێدا، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی جۆزەردان، هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان لەگەڵ \"جۆبرەئیل سالم‌ فەرد\" دەسبەسەر کرد و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، جۆبرەئیلیان، ئازاد کرد.

\"جۆبرەئیل و عادڵ سالم‌ فەرد\"، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی قورس لە گرتنگە ئازاد کرابوون.

\"عادڵ سالم‌ فەرد\"، لەدایکبووی ساڵی ٦٨ی هەتاوی، لە گوندی \"ئەمیرئاباد\"ـی شاری شنۆ و خوێندکاری ماف لە زانکۆی پەیام نووری شاری مەهاباد بووە.