هاووڵاتییەکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی سەقز کرا

19:29 - 27 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەقز بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"عەتا ڕەحمان‌زادە\" ناسراو بە \"شەماڵ سەقزی\" تەمەن ٥٠ ساڵ کوڕی حاجی عەلی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بانەمەڕی ئەمساڵ، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەقز بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکوومەت بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و لە تۆمەتی \"تێکدانی نەزمی گشتی\" بە بێتاوان ناسرابوو.

پاش ناڕەزایەتی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە دەرچوونی ئەو حوکمە، حوکمی ناوبراو لە دادگایی پێداچوونەوەی سنە بە سێ مانگ زیندان کەم کرایەوە.

عەتا ڕەحمانزادە ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو (٩٦)، دوای بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتگیری لە ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز گوازرایەوە.

ناوبراو دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە بەندیخانە بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

عەتا ڕەحمان‌زادە خێزاندار و خەڵکی گوندی \"مەزرە\"ی سەر بە بەخشی سەرشیوی شاری سەقزە.