هاووڵاتییەکی پیرانشاری بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

16:08 - 29 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی شاری پیرانشار، بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار، هاووڵاتییەکی بە ناوی \"سەید ئیدریس کەسرەوی\"، خەڵکی گوندی \"نەمنجێ\" و دانیشتووی شاری پیرانشار، بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر \"فەراست\" بەڕێوەچوو و ناوبراوی بە \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" تۆمەتبار کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، بەو حوکمە ناڕەزایەتی دەربڕیوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ کراوە.

\"سەید ئیدریس کەسرەوی\"، ڕۆژی شەممە، ١١ی جۆزەردان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.