هاووڵاتییەکی پیرانشاری بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا

12:35 - 28 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابروودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕەزا ئەحمەدی"، خەڵکی گوندی "ترکەشـ"ـی شاری پیرانشار، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی گەلاوێژ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای شاری پیرانشارەوە، دەسبەسەر کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەماڵ گودەرزی"، خەڵکی گوندی "چرۆسانە"ی شاری کامیاران، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوو.