هاووڵاتییەکی پاوەیی دوو ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە

14:34 - 31 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پاوە، سەر بە پارێزگای کرماشان، کە نزیکەی سێ مانگ دەسبەسەر و چارەنووسی ناڕوون بوون، دوو ساڵ زیندانیی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش سێ مانگ لە دەسبەسەرکرانی لاوێکی خەڵکی شاری پاوە بە ناوی \"پوویا ڕەسووڵی\"، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی عێزەت، دادگای ئینقلابی شاری کرماشان، ناوبراوی بە دوو ساڵ زیندانی مەحکووم کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە کوردە، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، پاش سێ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشاندا، بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

ئەو لاوە کوردە، ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان، گوازرابوویەوە.

پێشتر بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، داوای گواستنەوەی کوڕەکەیان لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان بۆ شوێنی لەدایکبوونی (پاوە) کردبوو، کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرپرسانی ئەو زیندانە ڕووبەڕوو بوونەوە و بەرپرسانی زیندان بە بنەماڵەی ڕەسووڵییان ڕاگەیاندبوو کە زیندانی شاری پاوە بۆ شوێنی زیندانییانی سیاسی نابێت.