هاووڵاتییەکی شنۆیی، ساڵێک زیندانیی بە سەردا سەپا

15:50 - 14 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆی بە ساڵێک زیندانی مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سابیر خەلیفە\"، کوڕی ئیسماعیل، خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری و ٢ی ئەو شارەوە، بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، تاوانبار کردبوو.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: \"سابیر خەلیفە، ناڕەزایەتیی بەو حوکمە داسەپاوە دەربڕیوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ تاوتوێکردن، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ کراوە.\"

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، ڕاگەیاندووە.