هاووڵاتییەکی سنەیی، ئەگەری ئێعدامی لەسەرە

11:21 - 6 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سنە لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارەدا، ئەگەر لەسێدارەدانی لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی سنەیی بە ناوی "ڕزگار زەندی"، تەمەن ٢٧ ساڵ، بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵێ لەگەڵ ئامۆزایەکی خۆی، بوو بەهۆی کوشتنی ئەو هاووڵاتییە و لە ئێستادا ئەگەری ئێعدامی لەسەرە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ڕزگار زەندی سێ ساڵ پێش لەگەڵ فەرزاد زندی تووشی شەڕ و دەمەقاڵێ بوون و لەو ڕووداوەدا، فەرزاد گیانی لەدەست داوە".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕەزبەری، "ڕزگار زەندی" لە زیندانی سنە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی ئەو زیندانە کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەزبەر، "ڕزگار زەندی" لە سێدارە بدرێت و لەو پەیوەندییەدا، بنەماڵە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە، داوایان لە بنەماڵەی کوژراوەکەی کردووە کە لە خوێنی کوڕەکەیان خۆش ببن و ژیانێکی نوێی بەو هاووڵاتییە زیندانییە ببەخشن".