هاووڵاتییەکی دیکە کورد لە شاری پیرانشار دەسبەسەر کرا

13:47 - 22 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پیرانشار، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕەشەممە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەبدوڵسەلام حوسێنی\" تەمەن ٢٩ ساڵ کوڕی پەرویز لە شارەکی فەرهەنگییانی پیرانشار، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی هەوڵی دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوە و هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام بووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە بەردەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی \"قادر محەممەدپووری\" تەمەن ٢٨ ساڵ و \"عیزەت مەحموودی\" تەمەن ٣٩ ساڵ خەلکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەر بە سپاوە دەسبەسەر کران.