هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری دەماوەند دەسبەسەر کرا

20:49 - 30 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری دەماوەند دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"هیوا جەلیلی\" کوڕی \"ئیبراهیم\"، خەڵکی گوندی \"ئەوێهەنگـ\"ـی شاری سنە، لە شاری دەماوەند، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"کەڵکوەرگرتن لە جامانە لە زەماوەندێکی شاری دەماوەند و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

\"هیوا جەلیلی\" برای \"سەیفوڵڵا جەلیلیـ\"ـیە کە ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، لەگەڵ \"بەشیر حاتەمی\" و \"غەفوور یاری\" لە شاری دەماوەند، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.