هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازرایەوە

20:59 - 11 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە، پاش دەسبەسەر کردنی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری نەغەدە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازرایەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"محەممەد ئەمین شیلانئاوا\" کوڕی محەممەد ڕەسووڵ خەڵکی گوندی \"حەلەبێ\"ـی شاری نەغەدە ڕاگەیاندووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەزەڵوەر، لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و دواتر ڕۆژی دووشەممە ٨ی خەزەڵوەر بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ماوەی حەوتوویەکە لە گرتووخانەی ئیداری ئیتلاعاتی دایە و هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراو ناڕوونە و ئەمەش نیگەرانی بنەماڵەکەی لێ کەوتووتەوە.

محەممەد ئەمین شیلانئاوا خاوەنکاری شیرکەت گاز، خیزاندار و خاوەنی سێ منداڵە.

پێشتریش، چەند جارێک ئەو هاووڵاتییە کوردە، بانگهێشتی ناوەندەی ئەمنییەتی کرابوو و لە لایەن مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.