هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری دێهلۆڕان بە تەقینەوەی مین بریندار بوو

12:44 - 14 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بە جێماوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری دێهلۆران سەر بە پارێزگای ئیلام، بریندار بوو و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی \"جەواد کەریمی\" تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی گوندی \"تەختان\" سەر بە شاری دیهلۆڕان، بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو ڕووداوەدا، ئەو هاووڵاتییە قامکی یەکێک لە دەستەکانی قرتاوە و دەمووچاو و دەستەکەی دیکەشی، بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئەو هاووڵاتییە، لە کاتی ڕۆیشتندا، بە هۆی هەڵخلیسکانەوە، دەستی دەکەوێتە سەر مین و دەتەقێتەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ناوچەی \"گریشمی نەسریان\" لە ناوچەی سنووری شاری دێهلۆڕان تووشی ئەم ڕووداوە بووە و هەنووکە لە نەخۆشخانە \"شوهەدا\" ئەو شارە خەوێندراوە.