هاووڵاتییەکی بەهایی بۆ شاری میناب دووخرایەوە

15:14 - 27 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی بەهایی خەڵکی شاری سنە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی دووخرانەوەکەی ڕەوانەی شاری میناب کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، \"زەبیحوئەڵلا ڕەئووفی\" تەمەن ٧٠، هاووڵاتی بەهایی خەڵکی شاری سنە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی دووخرانەوەکەی، خۆی بە دادگای تاوانەکانی شاری میناب سەر بە پارێزگای هورمزگان، ناساند.

ناوبراو، ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوە، خۆی بە دادگای تاوانەکانی شاری میناب، بۆ بەرێوەچوونی ماوەی دووخرانەوەکەی، ناساند.

ئەو هاووڵاتییە بەهایییە، ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٤، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر و پاش شەش ڕۆژ لە گرتووخانە بە دانانی بارمتەی ٣٠ میلیۆن تەمەنی ئازاد کرا.

ناوبراو لە ساڵی ٨٨ی هەتاویدا، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا، کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە، بە شەش مانگ زیندان لە شاری \"توویسرکان\" گۆڕدرا.

ئەو هاووڵاتییە بەهایییە، مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٤، بەهۆی بەدواداچوونی بۆ تێکدانی گۆڕستانی بەهاییەکان لە شاری سنە، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و ساڵێک دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندی شاری میناب مەحکووم کرا.