هاووڵاتییەک لە شاری دێولان دەسبەسەر کرا

14:16 - 19 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری دێولان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ١٨ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سیرووس عەباسی\"، خەڵکی شاری دێولان، پاش ڕەخنە لە ڕێبەری نیزام و بارودۆخی نالەباری مەوجود، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا.

\"فەریدە وەیسی\"، هاوژینی \"سیرووس عەباسی\"، سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی هاوسەرەکەی لە لاپەڕەی ئینیستاگرامی خۆیدا نووسیویەتی: \"پاش ئەوەیکە مێردەکەم گرتە ڤیدیۆیەکی خۆی لە لاپەڕەی ئینیستاگرامیی خۆیدا بڵاو کردەوە کە ڕەخنەیەکی کورتی لە ڕێبەری نیزام و بارودۆخی نالەباری مەوجوود هەبووە، چەندین کەڕەت هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی ئێمە و بە خراپترین شێوە کە دراوسێکانمان شایەتن، هەوڵیان دا بەبێ حوکمی قەزایی و لە پرۆسەیەکی دوور لە یاساکانی مەوجوود لە کۆماری ئیسلامیدا، هاوژینەکەم دەسبەسەر بکەن\".

\"فەریدە وەیسی\" هەروەها لە درێژەدا نووسیویەتی: \"وێڕای ئەوەی هێزە ئەمنییەتییەکان دەرگاکانی ئێمەیان شکاند و هێرشیان کردنە سەر ماڵی ئێمە، دواتر ناچار بە گرتنی حوکمی قەزایی لە لایەن دادستانی دێولان بوون و بەپێی ئەو حوکمە، کاتژمێر ١١ی بەر لە نیوەڕۆ، سیروس عەباسی دەسبەسەر کرا\".