هاووڵاتییانی کوردستان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەرین

15:03 - 4 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی کوردستان لە زۆربەی گوندەکانی کوردستان، بە هۆی بێ‌کارەبایی و بێ‌ئاوی دەناڵێنن و زۆربەی کاتەکانیش خۆیان لە کانییەکاندا ئاوی خواردنەوە دابین دەکەن.

گوندی \"خوایشت\"، یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی کەڵاتەرزانی شاری سنە، هەتا ئێستا ئاوی خواردنەوەیان لوولەکەشی نەکراوە و بۆ خۆیان لە کانییاوەکانی ئەو گوندەدا ئاوی خواردنەوەیان دابین دەکەن.

بێبەریبوونی دانیشتووانی گوندی خوایشت لە ئاوی لوولەکەشی، بووەتە هۆی ئەوەی کە لە هەر جۆرە شوێنێکی گەشتیاری، فەزای بارهێنان و فەرهەنگی و فەزای دەرمانی بێبەش بن.

بە وتەی یەکێک لە دانیشتووانی ئەو گوندە، هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی وڵامدەری ویست و داواکارییەکانی ئەوان نییە و تەنیا لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ مەجلیسدا، نوێنەران سەردانی گوندەکەیان دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، چەند گوندێکی شاری ورمێ، لە بوونی ئاوی خواردنەوە، گاز، کارەبا و هەروەها تەلەفۆن بێبەرین.

سەرەڕای پەسەندکردنی گەڵاڵەی \"هادی\" بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان، بە هۆی گەندەڵی لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا، دانیشتووانی ئەو گوندانە لە بوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەڕین.

هەروەها بە نزیکبوونەوە لە دوو ساڵەبوونی بوومەلەزەی پارێزگای کرماشان، هەندێک لە گوندەکانی \"سەرپێڵ زەهاو\"، نەتەنیا خانووبەرەیان بۆ چاک نەکراوە، تەنانەت پارەی قەرەبووکردنی ڕووخانی خانووەبەرەکەیان پێ نەدراوە و لە خێوەتدا ژیان بەسەر دەبەن.

چالاکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەو باوەڕەدان کە نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له ‌گونده‌کان و نه‌بوونی ژێرخانی ئابووری له ‌شاره‌کان و کۆچی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری گوندنشینان بۆ شاره‌کان، ده‌یان قه‌یرانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌ک: گه‌شه‌ی په‌راوێزنشینی، دزی، توندوتیژی، توشبوون به ‌مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان و نه‌خوێندەواریی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.