هاووڵاتییانی بەهایی ڕێگەیان پێ نادرێت بچنە زانکۆکان

15:49 - 25 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: دەیان هاووڵاتیی بەهایی دوای دەرچوونیان لە ئەزموونە سەرتاسەرییەکان، ڕێگەیان پێ نادرێت بۆ زانکۆ ناونووسی بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی بڵاوکراوە لە ماڵپەری هێرانا، شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەرمانان، زیاتر لە ٣٤ هاووڵاتیی بەهایی دوای دەرچوونیان لە ئەزموونی کونکور، لە کاتی ناونووسی لە سایتی ڕێکخراوی سەنجش ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوەی پەروەندە بوونەتەوە.

ئەم پەیامە لەم ساڵانەی دواییدا بۆ هاووڵاتیانیی بەهایی، لە کاتی ناونووسین بۆ چوونە زانکۆ نێردراوە، کاتێک هاووڵاتیانیی بەهایی سەردانی بەشی وەڵامدانەوەی ڕێکخراوی سەنجشیان کردووە، پێیان ڕاگەیەندراوە لەبەر بەهایی بوونیان ئیزنی چوونە زانکۆیان نییە.

هەتا ئێستا تەنیا شوناسی ٣٤ کەس لەو بەهاییانەی کە نەیانتوانیوە ناونووسی بکەن بۆ زانکۆ بڵاو کراوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی، پێشتر هەواڵی بێبەشکردنی بەهاییەکانیان لە خوێندن بە توندی ڕەت کردبووەوە، کە کاردانەوەی چالاکانی مافی مرۆڤی لێ کەوتبووەوە