٥ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شاری پاوە دەستبەسەر کران

13:52 - 20 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ٥ هاووڵاتییان لە شاری پاوە و لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەممە ٥ هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی جەهانبەخش ئەحمەدی، محەممەد نیگاری، موعتەسەم شافێعی، قانع حاتەمی و بابک عەباسی لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری پاوە دەستبەسەر کران.

\"11473.jpg\"

هێزە ئیتلاعاتییەکان جگە لە دەستبەسەر کردن، دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵیک کەرسەی شەخسیی ئەو هاووڵاتیانەشدا گرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی ئەو هاووڵاتیە کوردانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
\"11472.jpg\"

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا بەختیار و فەردین رەسووڵی، یاسرکاکایی، موختار ئەحمەدی، کەیهان عەزیزی و داود غەفاری لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری پاوە دەستبەسەر کران.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم ١٢ هاووڵاتیی کورد لە شاری پاوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراون کە هەندێک لەو کەسانە چالاکی فەرهەنگیی ئەو شارە بوون.

دەگوترێت ئەو چالاکە فەرهەنگیانە بەهۆی پەرچەکردار بەبێ حورمەتییەکانی مەلا \"قادر قادری\" ئیمام جومعە و نوێنەری وەلی فەقێ لە شاری دەستبەسەر کرابوون.