٧ هاووڵاتی لە شاری بانە دەسبەسەر کران

11:16 - 22 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ٧ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بانە، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری بانە، ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا و مەحکوومکردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە دەسبەسەر و هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی بە ناوەکانی "کاردۆ سەمیعی، سەلام ڕەحمانی، ئازاد ڕەحمەتیان، بەهادین حوسێنی، فەریا یوونسی، ئیبراهیم شووریایی و سەید ڕەحیم مەعرووفی"، ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەزبەر، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو و هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش ئەو هەوڵانە، دەستیان بە بانگهێشت و دەسبەسەریی هاووڵاتییانی کورد کردووە.