هاتنی سێڵاو لە ورمێ‌ گیانی سێ‌ ئەندامی بنەماڵەیەكی ئەستاند + هەواڵی پوختە

15:10 - 15 خەرمانان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی هاتنی لافا و سێڵاو لە گوندی \"سنجی\" سەر بە بەخشی نازلووی شاری ورمێ‌ سێ‌ ئەندامی بنەماڵەیەك گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كاتژمێری 9ی شەوی سێشەممە رێكەوتی 13 لەسەر 14ی خەرمانان بەهۆی بارینی بارانی زۆر و هەستانی سێڵاو ماشینی مەلا خەلیل خەڵكی گوندی \"گردە بلێج\" بە خۆی و بنەماڵەكەیەوە لەناو لافاودا گیر دەكەن و دەبنە ژێر سیڵاوەوە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گوندی سنجی لەو رووداوەدا هاوسەری مامۆستا بەناوی \"گوڵناز مستەفاپوور\" وێڕای دوو منداڵی بەناوەكانی \"ئەسرا و موبین\" لە ئاودا دەخنكێن و مەلا خەلیل و كچێكی بەناوی ئەسرین رزگاریان دەبێت.
\"5968.jpg\"
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە ئەسرین كچە بچووكی مەلا خەلیل كە رزگاری بووە لە نەخۆشخانەیە و لەژێر چاوەدێریی پزیشكی دایە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار تەرمی كوژراوەكان و كچە بچووكەكەی مەلا خەلیل لە دوو سەد میتری گوندی سنجی و لە نزیك پردی گوندی كەفسی دەدۆزرێنەوە، بەڵام گوڵناز مستەفا پوور هەر لەناو ماشینەكەدا گیانی لەدەست داوە و پاش چەند كاتژمێر ماشینەكە بە جەرسەقیل لەژێر قوڕ و لافاودا دەرهێنراوە.

تەرمی ئەو سێ‌ هاووڵاتییە رۆژی سێشەممە لە گوندی سنجی بەخاك سپێردراون.