نەورۆزی \"نێ\" و دژکردەوە توندی ماڵپەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعات

15:37 - 8 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: ماڵپەڕەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، سەرەڕای ڕەخنە لە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە کوردستاندا، داواکاری هەڵسوکەوتی توند لەگەڵ بەشداربووانی نەورۆزی گوندی \"نێ\" سەر بە شاری مەریوان بوون.

ماڵپەڕەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، لەم بارەوە ڕایانگەیاندوە: \"سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە مەریوانەوە ڕاپۆرتی داوە، کە بەشێک لە ئەندامانی نهێنیی حیزبی هەڵوەشاوەی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی خەڵکی گوندی \"نێ\" و تەنگیسەر بەشدار بوونە و بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و یووبێلی حیزبی هەڵوەشاوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بشێوییان دروست کردووە و هەوڵی وتنەوەی دروشمە حیزبییەکان و سروودگەلێکی بەناو شۆڕشگێڕانەی تێرۆریستەکانی دێموکراتیان داوە.\"

بە نووسراوەی ئەو ماڵپەڕانە، \"بەداخەوە ئەم ڕەوتە بەردەوامە و هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان هیچ دژکردەوەیەکیان بەرانبەر بەو ڕووداوانە نەبووە و دژە شۆڕشەکان ئاوەها و بەبێ هیچ ترسێک لەو شوێنانەدا ئامادە دەبن و لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا هەوڵی نەریتشکێنی دەدەن\".

ئەو ماڵپەڕانەی ئیتلاعات، دەربڕی ئەوەن، \"ئەو جۆرە نەریتشکێنییانە لە ڕۆژی ڕووناکدا و لە وڵاتی ئێرانی ژێرچەپۆکی حکوومەتی ئیسلامیدا جێی پەسەند نییە و داوا لە ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکان دەکەین، هەتا بۆ پێشگرتن لە ئاوا ڕووداوگەلێکی ناخۆش و تاڵ، بەدیهێنەرانی ئەو نەریتشکێنییانە بدۆزنەوە و دەسبەسەر بکرێن\".

ئەو ماڵپەڕانە جەختیان کردووەتەوە: \"ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی وڵات، حەتمەن دەبێت لە بەرانبەر ئەو ڕووداوە تاڵانە لە نێو کۆماری ئیسلامیدا، وڵامدەر بن\".

بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێوڕەسمی گوندی \"نێـ\"ـی سەر بە شاری مەریوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، خۆشحاڵیی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ کەوتەوە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا، ماڵپەڕەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بەشداربووانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شاخی \"تەرەغە\"ی بۆکانیان بە تێکدەر ناو لێ برد و داواکاری هەڵسوکەوتی جیددی لەگەڵیان بوون.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵ و نەورۆز لە کوردستاندا، کەمپەینێکی لەژێر ناوی \"نەورۆز، سەمای ئازادی\" وەڕێ خست، کە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، لە دژکردەوە بەو کەمپەینە، خەریکی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکدا بوون و دەسبەسەرکردنی چالاکانی کوردیان دەست پێ کرد.

سەرەڕای ئەو هەمووە گوشار و زەختانەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە کوردستان، کەمپەینی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، پێشوازیی گەرمی خەڵکی کوردستانی بەدواوە بووە.