نەغەدە/ دەسبەسەرکردنی ئەندامێکی سپای پاسداران لە لایەن ئیتلاعاتی سپاوە

14:25 - 2 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی سپا، خەڵکی شاری نەغەدە، لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، لە سەردەشت دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە لە شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەندامێکی سپا و خەڵکی شاری نەغەدە، بە ناوی \"جەماڵ بەیگ‌زاده\" کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی \"دەربەند\"، سەر بە شاری نەغەدە، سەرەتای بەهاری ئەمساڵ، لە لایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا.

یەکێک لە دانیشتووانی گوندی \"دەربەند\"، وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە هەواڵنێری کوردپا لە نەغەدەی ڕاگەیاندووە: ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئەو ئەندامە خۆی، لە کاتی چوونەدەرەوە لە ئێران، لە سنوورەکانی سەردەشت دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاگادارە وتوویەتی: ئەو ئەندامەی سپا پاش دەسبەسەرکردن، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕاگوێزراوە و لە ژێر لێپێچینەو دایە و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ئەم ئەندامەی سپا، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییه.