نەسرین ستووده، بەرانبەر بە لەسێدارەدانی زندانیانی سیاسیی کورد ناڕەزایەتیی دەربڕی

21:50 - 20 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: نەسرین ستووده، پارێزەر و چالاکی دیاری مافی مرۆڤی ئێران لە دووتوێی نامەیەکدا، بەرانبەر به لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد، دژکردەوەی نیشان دا.

نەسرین ستووده، پارێزەر و چالاکی دیاری مافی مرۆڤی ئێران لە نامەیەکدا لە زیندانی ئێڤینەوە، بەرانبەر به لەسێدارەدانی سێ زیندانییی سیاسیی کورد، ڕامین حوسێن پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی، ناڕەزایەتیی دەربڕی و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەکانیان کرد.

ناوبراو لە نامەکەیدا نووسیویەتی: دیسان لە ساڵوەگەڕی قەلاچۆکردنی ٦٧دا، دەزگای دادوەریی ئێران سێ کەس له هاووڵاتییە کوردەکانی لە سێدارە دا، هاووڵاتییانێک کە لە ماوەی چەندین دەیەدا لە ژێر سەرکوت و ستەمی جۆراوجۆردا بوون. حوکمی ئەوان که لە ڕەوتێکی ئاشکرای نایاساییدا لە دادگای ئینقلابدا پەسەند کرابوو، نادادپەروەرانە و دژ به یاساکانی مافی مرۆڤ و یاسای پەسەندکراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووه. ئەمە لە حاڵێکدایە که لانیکەم دۆسییەکانی یەکێک لەم کەسانە، ڕەوتی ئیعادەی دادرەسیی خۆی دەپێوا و ڕەنگە بە بێتاوان دەرچوونیشی بەدواوە بوایە.

ئەم پارێزەرە زیندانییە دەنووسێ: زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن پەناهی لە کاتی مانگرتن و لە کاتێکدا که ڕۆژانێکی زۆریان بە برسییەتییەوە تێپەڕ کردبوو لە سێدارە دران و ئەمە خۆی نیشاندەری توندوتیژیی دەروونیی دەزگای دادوەریی ئێرانه که دەبێ لە هەر جۆرە توندوتیژییەک خۆی ببوێرێ.

نەسرین ستووده لەم نامەیەدا نووسیویەتی: من سەرەڕای سەرەخۆشی له هاونیشتمانیانم که بەردەوام لە پێناو دەوڵەمەند کردنی فەرهەنگی ئێراندا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە، سەرەخۆشی لە هەموو هاونیشتمانیان و به تایبەت بنەماڵەکانی مورادی و حوسەین پەناهی دەکەم و هیوادارم، به سەرنجدان به لایەنە جیاوازەکانی توندوتیژی دادوەری که له شێوازگەلی جیاوازدا دەبینرێت، بەستێنی پێویست بۆ دووری کردن لە هەر چەشنە توندوتیژییەک دەستەبەر بکەین.

بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانان، حوکمی لە سێدارەدانی ڕامین حوسێن پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی له لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بەڕێوە چوو.