نەخۆشخانەی ٢٠٠ ساڵەی \"مەسیحـ\"ـی کرماشان، ئەگەری ڕووخانی لەسەرە

14:41 - 20 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ڕێکخراوی میراتە فەرهەنگییەکان، باسی لە ئەگەری ڕووخاندنی نەخۆشخانەی ٢٠٠ ساڵەی \"مەسیحـ\"ـی لە لایەن خاوەنەکانیەوە کرد.

\"عەلی ئەسغەر موونسان\"، لە نامەیەکدا بۆ وەزیری بێهداشت، خوازیاری پێینەدانی مۆڵەتی گۆڕینی کاربەریی نەخۆشخانەی مێژوویی \"مەسیحـ\"ـی کرماشان، بە خاوەنەکانیان بوو.

بەرپرسی ڕێکخراوی میراتە فەرهەنگییەکانی شاری کرماشان، لە نامەیەکدا بۆ \"سەعید نمەکی\" باسیان لە پێشگرتن بە ڕووخاندنی نەخۆشخانەی \"مەسیحـ\"ـی ئەو شارە کردووە.

لە نامەی بەرپرسی میراتە فەرهەنگییەکانی شاری کرماشاندا هاتووە: \"لەم دواییانەدا، خاوەنەکانی نەخۆشخانەی ٢٠٠ ساڵەی مەسیحی کرماشان، لە ڕێگای دیوانی دادی ئیدارییەوە، لە هەوڵی هێنانەدەرەوەی تۆماری ئەو بینا مێژووییەیە بۆ ڕووخاندنی\".

هەروەها \"عەلی ئەسغەر موونسان\"، لە نامەکەیدا باسی بەنرخبوونی ئەو ئاسەوارەی کردووە و ڕایگەیاندووە: \"ڕووخانی ئەو بینا مێژووییە دەبێتە مایەی ساخت و سازی ناجۆر و لەگەڵ بەها فەرهەنگی، مێژوویی و زانستییەکانی ئەمڕۆدا ناتەبایە.\"