نەبوونی ئیمەنیی کار، گیانی کرێکارێکی بۆکانیی لە شاری سلێمانیدا ئەستاند

15:22 - 21 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بینایەک لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستاندا، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی پووشپەڕ، کرێکارێکی کورد بە ناوی \"فەرەیدوون ڕەعنایی\"، دانیشتووی گوندی \"کارێزەی مەحموودئاوا\"ی شاری بۆکان، لە بینایەکی چوار نهۆمی لە شاری سلێمانیدا بەربووەوە و گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە کوردە، لە کاتی کارکردندا تووشی ئەو ڕووداوە بووە و تەرمی ناوبراو لە شاری سلێمانییەوە گوازرایەوە بۆ شاری بۆکان.

\"فەرەیدوون ڕەعنایی\"، خێزاندار و باوکی منداڵێکە.

هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران، بەهۆی نەبوونی هەلی کار و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان ناچار بە بڕینی سنووری وڵاتێکی دیکە دەبن، یان ڕوو لە باشووری کوردستان دەکەن و زۆر جار لەم پەیوەندییەدا، دەبنە قوربانیی ڕووداوی کار.