نێو شاری سنە بووەتە پادگانی نیزامی

13:37 - 23 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ماوەی چەند رۆژە هێزێکی زۆری نیزامی و ئەمنیەتی لە زۆربەی شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری سنە جێگیر کراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە نیزامی و لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نێو شاری سنە لەگەڵ هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک کە زیاتر لە ٣ کەس بێت دژایەتی و بڵاوەیان پێ دەکەن.

هەواڵنێری کوردپا لە شارە سنەوە لەو پەیوەندییەدا رایگەیاند: ئەو کەسانەی کە کەلوپەلی تایبەت بە ئاوری چوارشەممە سووری دەفرۆشن، دەستبەسەر و رادەستی هێزە ئەمنیەتییەکانیان دەکرێن.

بوونی ئەو رێژەیە لە هێزە نیزامییەکان بۆتە جێی ترس و دڵەراوکێی هاووڵاتییان و ئەم دۆخە لەبەرەبەری جێژنی نەورۆزدا چەندین بەرابەر هاووڵاتییانی تووشی کێشە و گرفت کردووەتەوە.

هەموو ساڵێک لە بەرەبەری نەورۆزدا رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر و هەتا کۆتایی پشووی نەورۆزی لە زینداندا دەمێننەوە و تەنانەت بە دانانی بارمتەش ئازاد ناکرێن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، نێو شاری سنە بە هێزە حکوومەتییەکان و یەگانی تایبەت میلیتاریزە کراوە و هەموو جۆرە هاتووچۆیەکی هاووڵاتییان کۆنتڕۆڵ دەکرێت.