نووسەرێکی کورد توانای چاپکردنی کتێبەکانی نییە

14:40 - 6 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: نووسەرێکی کوردی دانیشتووی شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنه، بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە ناتوانێت بەرهەمەکانی چاپ بکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نووسەرێکی کورد، بە ناوی \"محەممەدکازم مفاخری\" دانیشتووی شاری قوروە، که لە تەمەنی شازده ساڵییەوە لە بواری ئەدەبیات و فەرهەنگدا لێکۆڵێنەوەی کردووە، هەتا ئێستا نەیتوانیوە بەرهەمەکانی خۆی چاپ بکات.

یەکەمین بەرهەمی ئەو نووسەرە قوروەییە، کتێبێکی لەژێر ناوی \"مەتەڵە نێودەوڵەتییەکان\" (کوردی ـ فارسی) لە دەیەی هەشتا چاپ و بڵاو کرایەوە.

فەرهەنگی وشەی \"زاگرۆس\"، کە سەرجەم وردە فەرهەنگ و دیالێکتەکانی زاگرۆسی لە خۆ گرتووە، ڕۆمانی ٥٠٠ لاپەڕەیی بە ناوی \"چیرۆکی کوردی\" و کتێبی \"ناو و ناوەکانی ناوچەی شاری قوروە\"، لە بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە کوردەن، بەڵام ناوبراو بە هۆی ئەوەی کە توانای ماددی نییە ناتوانێت چاپ و بڵاویان بکاتەوە.

ئەو نووسەرە کوردە وتوویەتی: ٣٩ ساڵ تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە فەرهەنگی زاگرۆس تەرخان کردووە و تەنیا داوای لە دڵسۆزان و دەزگاکانی چاپی زاگرۆس ئەوەیە هاوکاریی ماددی بکەن هەتا بتوانێت بەرهەمەکانی چاپ بکات.

ئەمساڵ لە جێژنی شەوی یەڵدا لە قوروەدا، بە هەوڵی دڵسۆزان و چالاکانی قوروەیی و ئەنجومەنی \"ئاونگ و چیستا\" ڕێز لە زەحمەت و تێکۆشانی ٣٩ ساڵەی ئەو نووسەرە کوردە گیرا.

ناوبراو لەو جێژنەدا، تەندیسی ساڵانەی \"هەنار\"ی پێ بەخشرا.

محەممەدکازم مفاخری، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی، لە گوندی \"گردمیرانــ\"ـی لەیلاخ، لە بنەماڵەیەکی فەرهەنگی لە دایک بووه.